سهرچاوه: مالثهری خەندان-
رێژەی توشبوان با ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی نوێ سات لەدوای سات زیاددەكات، بەوهۆیەشەوە تەواوی لایەنە پەیوەندیدرارەكان لە سەرتاسەری جیهان سەرەڕای هەوڵدانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، داوا لە خەڵك دەكەن خۆیان بپارێزن.
لە چوارچێوەی زیاتربونی رێژەی مردن بەهۆی ڤایرۆسی كۆرنۆنا و ژمارەی توشبواندا، دوێنێ پێنجشەممە رێكخراوی تەندروستی جیهانی باری لە ناكاوی لەسەرتاسەری جیهاندا راگەیاند، داواشی لە تەواوی دانیشتوانی گۆی زەوی كرد بە هەمو شێوەیەك خۆیان بپارێزن لە توشبون بەو ڤایرۆسەی تائێستا سەرو 200 كەسی كوشتوە.
ئەو ڤایرۆسە نوێیە، لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە لە رێگەكانی دەم و لوت، یاخود بەریەككەوتن لەگەل كەسی توشبودا، یان بەریككەوتن لەگەڵ ئامرازێكدا كە ڤایرۆسەكەی لەسەربێت.
باشترین و گرنگترینی هەنگاوەكان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی نوێ بریتیە لە خۆبەدورگرتن لە نزیككەوتنەوە لە هەر كەسێك بە مەودای یەك مەتر، واتە یەك مەتر زێدەتر لە كەسی بەرامبەر نزیكنەبیتەوە، هەنگاوێكی دیكەش بە بەردەوامی پاكژراگرتنی دەستەكان و بەكارهێنانی ماددەی پاكژكەرەوەیە بۆ ئەو مەبەستە.
گەیشتنی یەك پریشك لە پژمەی كەسێكی توشبو بە ڤایرۆسەكە، بۆ مەودای چوار مەتر توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەكەی هەیە
زانایانی بواری تەندروستی لەوبارەیەوە رایانگەیاندوە "تەنها گەیشتنی یەك پریشك لە پژمەی كەسێكی توشبو بە ڤایرۆسەكە، بۆ مەودای چوار مەتر توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەكەی هەیە"، ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ توانای هەیە بۆ ماوەی 45 خولەك لە دەرەوەی جەستەیەكی زیندو بژی، كە لەو ماوەیەدا دەتوانێت بگوازرێتەوە بۆ ناو جەستەی هەركەسێك بەریبكەویت یاخود تێپەڕبێت بەو ناوچەیەدا كە ڤایرۆسەكەی لێیە.
بەگوێرەی زانیارییە تەندروستییەكانیش، لە دۆخ و كەشوهەوایەكی گەرمدا كۆرۆنا توانای هەیە سێ كاتژمێر بمێنێتەوە، بەڵام لە كەشوهەوایەكی سارد و شێداردا سێ رۆژ توانای مانەوەی هەیە، پزیشكان داوا لە هاوڵاتیان دەكەن، دوربكەونەوە لە ئامێزگرتن، ماچكردن، هەناسەی كەسی بەرامبەر، بەریەككەوتنی دەستەكان و تێكەڵبون لەگەل رێژەیەكی زۆر لە خەڵك و شوێنی جەنجاڵدا، لە ئەگەری هەبونی جەنجاڵیش هەوڵبدرێت ئاڵوگۆڕی هەوا لەگەڵ دەرەوەدا هەبێت.
تەندروستكاران ئامۆژگاری خەڵك دەكەن، برێكی باش ئاو بخۆنەوە و خۆیان لە وشكبونەوەی گەرویان بپارێزن
لەڕوی خۆراك و ئاوەوە، تەندروستكاران ئامۆژگاری خەڵك دەكەن، برێكی باش ئاو بخۆنەوە و خۆیان لە وشكبونەوەی گەرویان بپارێزن، خۆراكی تەندروست بخۆن و خۆیان بەدوربگرن لە خۆراكی دەرەوە، كە ئەگەر هەیە لەرێی ئامرازەكانی وەك كەوچك و دەفر و ..هتد ڤایرۆسەكە بگوازرێتەوە، لەگەل ئەنجامدانی وەزرش و جوڵەی تەندروست.
هاوكات باس لەوەشدەكەن، پلەی گەرمی هۆكارێكی سەرەكیە بۆ كوشتنی ڤایرۆسەكە، بەوهۆیەوە پێویستە خۆراك پێش خواردنی بە باشی بكوڵێندرێت، رێكخراوی تەندروستی جیهانیش لە دوایین راگەیەندراویدا باس لەوەدەكات ڤایرۆسەكە لەرێگەی ئاوەوە ناگوازرێتەوە.
كەسانی تەندروست و گەنج و مێرمنداڵان كە خاوەنی سیستمێكی تەندروستی بەهێزن، توانای روبەڕوبونەوەیان هەیە لەگەڵ ڤایرۆسەكەدا
راگەیەندراوە تەندورستیە فەرمیەكانیش لە زاری پزیشكانەوە ئاماژە بەوەدەكەن، كەسانی تەندروست و گەنج و مێرمنداڵان كە خاوەنی سیستمێكی تەندروستی بەهێزن، توانای روبەڕوبونەوەیان هەیە لەگەڵ ڤایرۆسەكەدا و چاكیشدەبنەوە، بەڵام كەسانی بەتەمەن، یاخود منداڵان كە لە روی بەرگری و تەندورستی جەستییەوە لاوازن زێدەتر مەترسیان لەسەرە.
لە داهاتویەكی نزیكدا ڤاكسین بۆ رێگریكردن لە ڤایرۆسەكە بەكاردەهێنرێت و نابێتە مەترسییەكی زۆر گەورە
بەشێك لە پزیشكانیش ڤایرۆسەكە هێندە مەترسیدار نابینن و دەڵێن "لە داهاتویەكی نزیكدا ڤاكسین بۆ رێگریكردن لە ڤایرۆسەكە بەكاردەهێنرێت و نابێتە مەترسییەكی زۆر گەورە، بەڵام پێیوستە تا دۆزینەوەی ڤاكسینەكە خەڵك لە سەرتاسەی زەوی خۆی بپارێزێت".