مه‌كته‌بی سیاسییYNDK پێشوازی له‌ یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان ده‌كات

كانون2/يناير 15, 2025

میدیا- هه‌ولێر :

 

مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK؛ پێشوازی له ‌شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له ‌هه‌ولێر ده‌كات، لە دیدارەكەدا باس له‌ کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوو و گۆڕانکارییەکانی دوای کۆنگرە و رەوشی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ كرا .

ئه‌مڕۆ چوارشەممە رێكه‌وتی 15-1-2025، شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان كه ‌پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێزان (د.سه‌لاحه‌ددین بابه‌كر كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و د.محمد قادر هاودیانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كان و غازی عه‌لی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر و سالار فایه‌ق به‌رپرسی كارگێڕی ) سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK-یان كرد و پێشوازیكران لەلایه‌ن هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى YNDK و فاخر نانه‌كه‌لی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی هه‌رێمی هه‌ولێر و سه‌ردار خدر ئه‌ندامی یه‌ده‌گی سه‌ركردایه‌تی و جه‌لال سمایل کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانىYNDK).

 سه‌ره‌تا (د.سه‌لاحه‌ددین بابه‌كر كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتوو) تیشكی خسته‌ سه‌ر کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوو و گۆڕانکارییەکانی دوای کۆنگرەیان، كه ‌سه‌ركه‌وتووانه‌ كۆتایی هات، له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ڤاڵ(د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى YNDK) پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی نۆیه‌م كۆنگره‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی لێكردن و هیوای خواست ستافی نوێی مه‌كته‌بی سیاسیی و سه‌ركردایه‌تیان به‌ بڕیار و راسپارده‌كانی كۆنگره‌یان، هاوشان له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خزمه‌تی زیاتر به‌ گه‌ل و نیشتمان بكه‌ن.

هه‌روه‌ها باس لە رەوشی سیاسی و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیهان و چەند پرسێکى دیکە كرا، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی تەواوی هێز و لایەنە سیاسى و پێكهاتەكان و هاوهەڵوێستی لایه‌نه‌كان و جه‌ماوه‌ر فاكتەری پاراستن و چەسپاندنی دەستكەوتەكان و به‌دەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستانه‌، هەر لە دیدارەكەدا هەردوولا هاوڕابوون کەوا ناوەندى سیاسى کوردستان پەرش و بڵاوەو پێویستى بە رێکخستنەوە هەیە له‌گه‌ڵ پاراستنی كلتوور و دابونه‌ریتی ره‌سه‌نی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان بەیەکەوە هاوکاربن بۆ كۆده‌نگی و هاوهه‌ڵوێستی نیشتمانی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و ئه‌قلیمی و نێوده‌وڵه‌تی، له‌پێناو به‌دیهێنانی ته‌واوی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و چاككردنی ژیان و گوزه‌رانی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵكی كوردستان.

لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا جەختكرایەوە سەر زیاتر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی گەلی كوردستان.