شکۆداربێت (٣٤)ــەمین ساڵیادی ڕاپەڕین و (20) ڕۆژەی ئازادیی مەخموور و بیست و دووەمین ساڵەی دامەزراندنی سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەری قەرەچووغ

ــ جەماوەری خۆراگر و کوردپەروەری كوردستان ...

ــ رۆناکبیرو هونەرمەندانی دەڤەری قەرەچووغ ...

ئەمرۆ (12) ی ئادار ، (٣٤) ساڵی تەواو بەسەر یادەكانی ڕاپەرین و (20) رۆژەی ئازادیی مەخموور و قەراج و كەندێناوە تێپەڕدەبێت ، كە هاوكاتە لەگەڵ بیست و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەنتەرەكەمان (سەنتەری رۆشنبیری و هونەری قەرەچووغ) ، بەم بۆنەیەوە جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی خەڵكی كوردستان بەگشتیی و جەماوەرو توێژی رۆشنبیرو هونەرمەندانی مەخموور و دەوروبەری بە تایبەتی دەكەین، هیوادارین بزاڤی رۆشنبیریی و هونەریی لەسایەی ئازادیی یەكجارەكی ئێستاماندا پتر گەشاوە و پڕبەرهەم تربێت و ببێتە هاندەرێكی مەزن بۆپتر پێشكەوتنی كۆمەڵگای كوردیمان لە كوردستاندا ، دیارە (سەنتەری رۆشنبیریی و هونەریی قەرەچووغ) كەدامەزراندنی خۆی ئاوێتە و ئاوێزانی بۆنەو یادەكانی راپەڕین بەگشتیی و ئازادکردنی دەڤەری مەخموور و قەراج و کەنێناوە كردووە، بۆ ئەوە بوو، وزەو تواناكان لەپێناو بوژاندنەوە و بەرەو پێشبردنی بزاڤی رۆشنبیریی و هونەریی هاوچەرخ و ڕەسەن لەناوچەكە و كوردستاندا پەرەپێبدات و ئاستی ڕۆشنبیریی و هونەریی لەناوچەکە و کوردستان بەرزبکاتەوە.

_خەمخۆر و دڵسۆزانی بواری هونەر و رۆشنبیریی ...

ئەوە ماوەی بیست و دوو ساڵی تەواوە ( سەنتەری رۆشنبیری و هونەری قەرەچووغ ) بۆ خزمەتی بواری رۆشنبیریی و ئەنجامدانی چاڵاكی هونەریی هەمەجۆر لە دەڤەری مەخموور و دەوروبەری دامەزراوە و تاکە سەنتەر و دامەزراوەی ڕۆشنبیری و هونەرییە تا ئێستا لەمەخموور و دەوروبەری خزمەت دەکات، لە ماوەی ڕابردوودا هەمیشە چالاكی بەردەوامی هەبووە و رۆڵی كارا و گرنگی بینیوە لەهۆشیاركردنەوەی جەماوەر و هاندانی لاوان و بەهرەمەندانی دەڤەرەكە بۆ بەشداریكردن و ئەنجامدانی كار و چالاكی لەسەرجەم بوارە رۆشنبیریی و هونەرییەكاندا، سەنتەرەكەمان لەبیست و دوو ساڵی رابردوودا خۆشبەختانە توانی بەپشتگیریی ئەندامە دڵسۆزەكانی پەرە بەسەرجەم چالاكییەكانی بدات و باشترین خزمەت بەبواری رۆشنبیری و هونەری بكات لەدەڤەرەكە، دیارترین چالاكیش بەڕێوەبردنی یەكەمین فیستڤاڵی رۆشنبیریی و هونەریی بوو، لەكۆتایی ساڵی 2008 لەمەخموور ئەنجامیدا، کە بریتیبوو لە(١٣) چالاکی ڕۆشنبیری و هونەری هەمەجۆر، ئەمە جگە لەكردنەوەی كتێبخانەو ستۆدیۆی تۆماركردن و کلیپکردنی گۆرانی و کردنەوەی بەشی مۆنتاژ و سازدانی كۆنسێرت و چاپكردنی چەندین كتێب و كردنەوەی پێشانگاو بەڕێوەبردنی كۆڕی جیاجیا و ئەنجامدانی خولی فێربوونی كۆمپیوتەرو رێنووسی لاتینی و میوزیك و ......هتد، لەسەرەتای ساڵی تازەشەوە بەوئومێدەین بتوانین بەهەمان گڕوتینەوە پەرە بەچالاكییەكانی سەنتەر بدەین و بەهەوڵی هەموو لایەك رووبەڕووی هەموو ئەو گرفت و ئاستەنگانە ببینەوە، كە دووچاری سەنتەرەکەمان دەبنەوە، ئێستاش شایانی گوتنە کە مرۆڤێکی جوان، کەسێکی دڵسۆز و خەمخۆر، هونەردۆستێکی مەخموور، هەڵسا بەکڕینی خانوویێک و لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆی بەشێوەیەکی زۆرجوان نۆژەنی کردەوە و خستییە خزمەتی سەنتەرەکەمان، هەربۆیە بەپێویستی دەزانین لەڕێگەی ئەم بەیاننامەیەمانەوە، جارێکی تر بەناوی سەنتەر و خەڵکی دەڤەری مەخموور، زۆر سوپاسی برای بەڕێز و ئازیز و خەمخۆری هەموومان کاک (ئیبراهیم محەمەد حەمەدشەریف)بکەین، کەوەک هاوڵاتییەک و هونەردۆستێکی سنوورەکە هەمیشە لەخزمەت ڕۆشنبیر و هونەرمەندانی مەخموور دایە، هیوادارین نموونەی زۆربێت، بۆپێشخستنی بوارەجیاجیاکانی هونەریی و ڕۆشنبیریی لەکوردستاندا، هەروەها سوپاسی هەموو ئەوکەس و لایەنانە دەکەین، کە لەماوەی ڕابردوودا هاوکاریی و پشتیوانی سەنتەرەکەمانیان کردووە، هیوادارین بتوانین لەئاییندەدا لەڕێوڕەسمێکی شایستە و تایبەتدا، ڕێز لەهەموو ئەو ئازیز و خۆشەویستانە بگرین، کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوو هەریەکە و بەپێی توانای خۆی بۆ بەردەوامیی و پێشڤەچوونی سەنتەرەکەمان لەهەموو بوارەکاندا، هاوکار و یارمەتیدەربووە.

هەروەها لەم یادانەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کەوا پێویستە حکومەتی هەرێم بایەخ بەڕۆشنبیر و هونەرمەندانی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بدات و هاوکار و پشتیوانمان بێت و کێشەکانمان بۆچارەسەربکات، بۆنموونە مەخموور چەند هۆڵێکی هەیە، بۆچالاکی ڕۆشنبیریی و هونەریی، بەڵام ئێستا هەمووی داگیرکراوە و بۆتە شوێنی سەربازیی، هیچ هۆڵێک نییە، ئێمە بمانەوێت، کە چالاکییەکانی خۆمانی تێدا نمایش بکەین، هیوادارین حکومەتی هەرێم لەڕێگەی یەکەی ئیداری ناوچەکە بتوانێ ئەو کێشەیە و کێشەکانی ترمان بۆچارسەر بکات، بۆئەوەی زەمینەیەکی گونجاو فەراهم بکرێت، بۆئەنجامدانی سەرجەم چالاکییەڕۆشنبیری و هونەرییەکان لەسنووری مەخموور و دەوروبەری.

جارێكی دیكە تەواوی یادەكانی راپەڕین لەخەڵكی كوردستان پیرۆز دەكەین، سەری رێز و نەوازشیش بۆ شەهیدانی راپەڕین و دەستی تیرۆرو تێكڕای شەهیدانی كوردستان دادەنوێنین .

 

ـ_ شكۆداربێت یادەكانی راپەڕین .

ـ_ بەرزوپیرۆزبێت بیست و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی ( سەنتەری رۆشنبیری و هونەری قەرەچووغ ) .

 

 

سەنتەری رۆشنبیری و هونەری قەرەچووغ

٢٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی

(12) ی ئاداری ٢٠٢٥ی زایینی