پیرۆز بێت نەورۆز و (30)يەمین ساڵیادى دامەزراندنی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

 

- جەماوەری وڵاتپارێزو خۆڕاگری كوردستان ...

- كەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...

ئەمڕۆ 30 سى ساڵ بەسەر دامەزراندن و تەمەنی پڕ لە خەبات و بەرخۆدانی YNDK تێدەپەڕێت، لەم رۆژەدا YNDK وەک پێویستییەکى مێژوویى و بابەتیى، وەكو رێکخستنێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و جەماوەری لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان لەدایكبوو و، بووە هیوابەخش بۆ هاوبیرانی نەتەوەیی و وڵاتپارێزان و تێکۆشەران، YNDK لە کاتێکدا لەدایکبوو کە شەڕى ناوخۆ نەتەوەکەمانى بێئومێد و نیگەران کردبوو لە داهاتوو، لەدایکبوونى YNDK جارێکى دیکە هیواو دڵنیایى بۆ گەلى کوردستان گەڕاندەوە و، YNDK لەماوەیەكی كورتی تەمەنیدا توانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕى ماڵوێرانى ناوخۆ هەوڵەکانى چڕبکاتەوەو بەدەیان کۆبوونەوەى فراوانى حزبە کوردستانییەکانى لە بارەگاى خۆى رێکخست و توانى بوون و کاریگەرى خۆى بسەلمێنێت و، هەوڵەکانى YNDK لەم پێناوەدا بوونە هۆى خاوبوونەوەى گرژى و کێشەکان و زەمینەسازى بۆ ئاشتى.

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لە سەرەتاى خەباتى خۆیەوە بەهۆی كاری بەردەوامی لەسەر خزمەتكردنى جەماوەر و كاركردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان توانى كاریگەری لە سەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان دروست بكات، YNDK توانیویەتی لەئاست بەرپرسیاریەتیدا بێت و بە شرۆڤە و خوێندنەوە و پێشبینییەكانی پیلانە نەگریسەكانی داگیركەران و دوژمنانی كورد و كوردستان ئاشكراو ریسوا بكات ‌و رووبەڕوویان ببێتەوە‌.

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK هەر لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە پەروەردەى نەتەوەیی و ئاشناكردنی تاكى کورد بەناسنامەكەی و پەیوەستبوونی بە خاك و وڵات و کلتورى کوردى بە بنەما گرتووە، ئەوەش بۆئەوەی کەسایەتى تاکى کورد لەسەر بنەماى باوەڕبەخۆبوون بنیاتبنێتەوەو خۆڕاگرانە رووبەڕووی دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان ببێتەوە، هزری نەتەوەیی و وڵاتپارێزی YNDK وایكردووە زۆر بەخێرایی بەدیاربكەوێ ‌و ببێتە خودان پێگەی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی مەزندا.

ئێمە لەكاتێكدا كەوا یادی (30)يەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK دەكەینەوە بەهۆی ئاڵۆزى ناوچەکە و ئەو هەڕەشانەی لەسەر كوردستان هەن، وایانكردووە كوردستان بكەوێتە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیار، ئەوەتا لەلایەك حكومەتی عێراق بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنى سیاسەتى دژایەتیکردن و پەراوێزخستن و برسیکردنى گەلى کوردستان، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە دەسەڵاتدارانى بەغدا تا ئێستاش دەستبەردارى عەقڵییەتى خۆسەپاندن و پەراوێزخستنى کورد نەبوون و هەمان رەفتارى رژێمى رووخاوى بەعس دووبارە دەکەنەوە، لەلایەكی دیكەوە داگیركەرانى کوردستان لەهەموو لایەكەوە بۆ دژایەتیکردنمان لە پیلانداناندان، رژێمی داگیركەری توركیا سەرەڕاى تۆپبارانکردن و هێرشەکانى بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانى باشوورى کوردستان، بەردەوامە لە هەڕەشەو پیلانگێڕان هێرش و موشەکباران لە دژى رۆژئاوای كوردستان و ژێرخان و خاكەكەی وێران و سوتماك كردووەو خەڵكەكەشی جینۆساید و ئاوارە كردووە، ئێستاش هەوڵدەدات دیمۆگرافیاى رۆژئاواى کوردستان بگۆڕێت، سەبارەت بە باکوورى کوردستان هەموو لایەکمان دەبینین کەوا رژێمى تورکیا چۆن کەوتۆتە دژایەتیکردنى نەتەوەکەمان و هیچ شتێکى پێ رەوا نابینێت و ئازادیخوازان زیندانى دەکات و دژى بوونى کوردە بە هەموو شێوەیەک، لە رۆژهەڵاتى کوردستان ؛ رژێمى داگیرکەرى ئێران بەردەوامە لەسەر گرتن و لە سێدارەدانى گەنج و ئازادیخوازانى کورد، رژێمى سوریاش سەرەڕاى رەوشى نالەبارى خۆى ئامادە نییە چارەسەرى پرسى کورد لە رۆژئاواى کوردستاندا بکات، دواى گۆڕانکارییەکانى سوریاو رووخانى رژێمى بەعس لە سوریا، ئەوانەى کەوا دەسەڵاتى ئێستاى سوریایان گرتۆتەدەست، روانینیان هەمان روانینى رژێمى رووخاوى سوریایە بۆ پرسى کورد و دژى تەواوى پێکهاتەکانى سوریان، لە رۆژانى رابردوودا کە دەستوورى سوریایان دانا، دانیان بەهیچ پێکهاتەیەکى ناو سنوورى داتاشراوى سوریا نەنا، هەروەها هەموو لایەک بینیمان دەسەڵاتى ئێستاى سوریا چۆن جینۆسایدى پێکهاتەى عەلەوییەکانى کردو بەردەوامیشە لەسەر کارە تیرۆریستى و توندو تیژییەکانى، لێرەوە جارێكی دیكە ئەو هەڕەشە و پیلانانەى داگیرکەران ئیدانەو شەرمەزار دەكەین و وەک هەمیشە رەتیاندەکەینەوەو دژیان دەوەستینەوە، بەڵێ ئەوە رەوشى ئێمەى کوردستانییانە، ئەم رەوشە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین و کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەین.

بێگومان سەرەڕای پیلان و ئاستەنگەكان خەباتى گەلى کوردستان بەردەوامە و پێشڤەدەچێت، پێشڤەچوونی خەبات و تێكۆشانی نەتەوەكەمان لە باكوورو باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان مایەی خۆشحاڵین و وەك هەمیشە پشتیوانی و هاوكاری تەواوی خۆمانیان پێڕادەگەیەنین, لەم رەوشەدا بۆ یەكدەنگی و یەكڕیزی گەلی كوردستان؛ لەسەر ئاستی نەتەوەیی جارێکى دیکە جەختدەكەینەوە سەر بەستنی (كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان) بە بەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و، داڕشتنی بەرنامەی كارو خەبات بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان بەرەچاوكردنی بارودۆخیان بەكارێكی نەتەوەیی و نیشتمانی گرنگ دەزانین، لەم پێناوەدا ئێمە وەكو YNDK وەك هەمیشە ئەوەی لە تواناماندابێت دەیكەین، لەهەمان کاتدا بانگ لە هەموو لایەك دەكەین كەوا بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان كاربكەین و زۆر بەوردی و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم رەوشەدا بكەین و، بە هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ پاراستن و بەهێزکردنى قەوارەى سیاسى هەرێمى کوردستان، پاراستنى دەسکەوتەکانى رۆژئاواى کوردستان، بێگومان ئەمەیش تەنیا بە یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکڕێزى و یەکدەنگى بکەین.

- جەماوەرى دڵسۆزو وڵاتپارێزى کوردستان ...

سەبارەت بە رەوشى ئێستاى باشوورى کوردستان؛ ئێمە واى دەبینینەوە کەوا ناوەندى سیاسى لێکترازاوو پەرش و بڵاوەو پێویستى بە رێکخستنەوەو یەکخستەوەیە، لەسەر ئاستى جەماوەریش گلەیى و گازاندەى زۆر هەن لەو ناعەدالەتییەى کەوا لە باشوورى کوردستاندا هەیە، ناعەدالەتى سیاسى و جەماوەرى و ئابوورى، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵات و جەماوەری كوردستان زیاتر لەیەكدی نزیكببنەوەو هاوكاری یەكتربن بۆ ئەوەى دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان لە خەمى خەڵکدا بن و کاربکەن بۆ نەهێشتنى گەندەڵى و ناعەدالەتى و باشترکردنى ژیان و گوزەرانى خەڵک، بۆ ئەم مەبەستە جارێكی دیكە داوای پێكهێنانی (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) وەک چەترێکى هاوبەش دەكەین، كە چەترێك بێت هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانى باشوورى کوردستان بگرێتەخۆ، ئەمەش باشترین هەنگاوە بۆ رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسیی كوردستان و پاراستن و پێشڤەبردنى دەزگا و دامەزراوەکانى کوردستان.

لە کۆتاییدا؛ لەم یادە بەرزو شكۆدارەدا جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی و (30)یەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK لە هەموو هەڤاڵان و تەواوی گەلی كوردستان پیرۆز دەكەین و، وێڕاى سڵاوو رێزمان ؛ هاوسۆزی خۆمان بۆ بنەماڵە و كەس و كاری سەربەرزی تەواوی شەهیدانی كوردستان دەردەبڕین و، بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و بەرخودانی نەتەوەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان بەرز رادەگرین و پشتیوانى خۆمانیان بۆ رادەگەیەنین و، پەیمان دەدەین وەك هەمیشە لەسەر رێبازی شەهیدان، رێبازی پیرۆزی كوردایەتی درێژە بە خەبات و تێكۆشانی خۆمان بدەین لەپێناو هێنانەدی كوردستانێكی سەربەخۆ و ئازاد و یەكگرتوو دیموكرات.

- نەمری ‌و سەربەرزی بۆ شەهید (سەربەست مەحموود) ‌و تەواوی شەهیدانی رێی سەرخۆبوون ‌و ئازادی كوردستان.

- مردن‌ و رووڕەشی بۆ داگیركەران و دوژمنانی كوردستان.

- بێتەدى کوردستانێکى سەربەخۆو ئازادو یەکگرتوو و دیموکرات.

 

 

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

1 ى نەورۆزی 2725 ی كوردی - 21 / 3 / 2025 ی زایینی

هەولێر - باشوورى کوردستان

 

 

 

تێبینى: وەک رێزگرتن لە گیانى پاکى شەهیدانى رۆژئاواى کوردستان و شەهیدانى گوندە سنوورییەکانى باشوور و باکوورو رۆژهەڵاتى کوردستان، کە رۆژانە لەلایەن داگیرکەران شەهید دەکرێن، ئەمساڵ YNDK هیچ بۆنەو مەراسیمێکى پێشوازى لە بارەگاکانیدا ئەنجام نادات، هێزو لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و کەسایەتییە بەڕێزەکان لە کوردستان و دەرەوە دەتوانن لەڕیى ناردنى پەیامى پیرۆزبایى، ساڵیادى دامەزراندنى YNDK پیرۆزبکەن. ... لەگەڵ رێزماندا.