نوێنه‌ری YNDK له‌ ئه‌وروپا به‌شداری ديالۆگى پرسياره ‌چاره‌نووسساز و گۆڕانكارييه‌كان ده‌كات

نيسان/أبريل 20, 2025

میدیا – هۆڵه‌ندا:

نوێنه‌ری یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK له‌ ئه‌وروپا به‌شداری ديالۆگێك به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی حزبەکان و رۆشنبیران و کەسایەتى و میدیاكار و نووسه‌ران ده‌كات.

رۆژى شه‌ممه،‌ رێكه‌وتى 19-4-2025 له‌شارى هوسن له‌ هۆڵه‌ندا، مامۆستا فه‌خره‌دین زیاره‌تی ئه‌ندامى سه‌ركردايه‌تى و نوێنه‌ری یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK له‌ ئه‌وروپا لەسەر بانگھێشتی رێكخراوى چه‌پك بۆ گه‌شه‌پێدانى مرۆيى و كۆمه‌ڵه‌ى دۆستايه‌تى كورد و هۆڵه‌ندى،  به‌شداری ديالۆگێك له‌ژێر ناونیشانی ( ديالۆگى پرسياره‌ چاره‌نوسسازه‌كان و گۆڕانكارييه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ ديزايينى سياسى نوێدا) به‌ به‌شداری مه‌لا به‌ختيار و نوێنەری ژماره‌يه‌ك له‌ حزبەکان و رۆشنبیران و میدیاكار و نووسه‌ران ده‌كات.

 له‌ ديالۆگه‌كه‌ به‌ڕێز مه‌لا به‌ختيار له‌نيو كاتژمێر شرۆڤه‌ى كۆمه‌ڵێك پرسى له‌سه‌ر ره‌وشى رۆژئاواى كوردستان و سوريا و غه‌زه‌ و لوبنان و ئێران و هه‌نگاوه‌كانى ئاشتى نێوان توركيا و كورد و سياسه‌تى تره‌مپ ده‌رهه‌ق به‌م پرسانه‌ و گۆڕانكارييه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و پێگه‌و رۆلى كورد له‌م نێوه‌نده‌دا كرد، پاشان ئاماده‌بووان به‌شرۆڤه‌ و گفتوگۆ و پرسيار و سه‌رنج و تێبينييه‌كانيان به‌شداريان له‌ ديالۆگه‌كه‌ كرد، لە دوماھیدا ديالۆگه‌كه‌ گفتوگۆیەکی گەرمی لێکەوتەوە و دواى سێ كاتژمێر گفتوگۆ هه‌موو لایه‌ك كۆكبوون له‌سه‌ر يه‌كريزى و يه‌كهه‌ڵوێستى و يه‌كگووتارى گه‌لى كوردستان بۆ به‌دیهێنانی ته‌واوى مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ره‌واكانی گه‌لی كوردستان.