زهنیەت و ئیدارەدانی قەیران لە هەرێمی کوردستان !...نووسینى: محەممەد خۆشناو

آب/أغسطس 17, 2023
نکۆڵی لەوەناکرێت کە سیاسەت داینەمۆی ئابووری کۆمەڵگاکانە ، کەواتە سیاسەت هەموو شتێکە ، بەڵام ئێمەی کورد لەنێو نەخوێندەواری «الامية » سیاسەتدا دەژین و زۆربەمان ڕووداوە سیاسیە تاڵەکان کە بەروەڕوومان دێن ناخوێنینەوە و قەیرانەکان چاوەڕێ دەکەین یەکێک بۆمان چارەسەر بکات و وەکو گۆدۆ هەر لەچاوەڕوانیداین ؟! وەرە بزانە هەروا بەرەو لێژی دەڕۆین کەچی تەقەی سەرمان دێت !! ئومیەی سیاسی ئەوە کە نشووست بە سەرکەوتن بزانیت ، ئومیەی سیاسی هاودژی هۆشیاری سیاسیە و ، هەرووکیان دەمانگەینێتە هەقیقەتی بۆچوونی کورد بۆ قەیرانەکان لەناو نیشتیمانەکەیدا .
ئێستا هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانی ئابووری لە کەمی داهات و چەقبەستوویی بازاڕ ، قەیرانی بێمتمانەیی هاوڵاتیان بە حزبەکان و دەسەڵات ، قەیرانی ترسناکی لێکترازان و پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد و، هەندێک کەموکوڕی دیکەی خزمەتگوزاری بۆتەوە، ئەمانە وایکردووە کە نەتوانین ئیدارەیەکی باشی ئەو قەیرانانە بکەین و بەو لاوازیە بچینە بەردەم عیراق-ێک کە هەرگیز بەهێز نابیتەوە .
هەڵەیەکی زۆر گەورەیە کە ئەم لاوازیەی خۆمان ببەستینەوە بە تیۆری پیلانگێڕی«نظرية المؤامرة» کە هەندێک پشتیپێدەبەستن کە گوایە ئەمەیە هۆکاری وونبونی ئامانجەکان و سەرنەکەوتن لە هێنانەدی پڕۆژەکان ، لاوازی ئێمە ، خۆمانین .
کاتێک قەیرانێک لە قەیرانەکان بەروەڕووی وڵاتان دەبێت جا ئەو وڵاتە هەرچەند دەوڵەمەند بێت یان پێشکەوتوو ، ئەوە شێوازی بەدەنگەوەچوونی حکومەت بۆ قەیرانەکە و چۆنیەتی سەرکەوتنی لە ئیدارەدان و بەخۆوەگرتنی «الاحتواء» قەیرانەکە لەناو مێشکی هاوڵاتی بەجێدەمێنێت و ، پاشان پێوەری توانای ئەو حکومەتە بەدیار دەکەوێت ، ئەنجا دەبێتە تووخمێک لە تووخمەکانی بونیاتنانی متمانەی گشتی و بەهێزکردنی .
بۆنموونە: کە کۆڤید 19 لەهەموو ناوچەکانی جیهانیدا، زەرەری قوڵی بە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان گەیاند، بەڵام هەندێک حکومەت بەسەرکەوتوویی لێیدەرچوون و، هەندێکی دیکە نرخی فەشەلەکەی خۆیاندا ، ئەمە هەر تەنها لەبەر پەتایەکە نەبوو ، بەلکە پەیوەست بوو بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیدا .
دوای ڕیفراندۆم هەرێمی کوردستان دووچاری گۆشەگیریەکی خنکێنەر بووەوە و زەمەن لە بەرژەوەندیمان نەبوو ، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ئەوکات سەرۆکی حکومەت بوو، توانی حەرەکەی زەمەن پێچەوانە بکاتەوە و، بەهاوکاری هەموو لایەک ئیدارەی قەیرانەکەی کرد و ئابلوقەکەی تێکشکاند و هەرێمی کوردستان لە گۆشەگیری دەرهێنرا… جەنگ ، قەیران ، شکست ، یاخیبوون ، کارەساتی سروشتی ، تیرۆر ، گەندەڵی حکومی ، قەرز ، پشێوی کۆمەڵایەتی لە ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ، لە سۆماڵ و تشاد و عیراق ڕوودەدەن ، بەڵام پێوەر هەمیشە پەیوەست دەبێت بە توانایی سەرکردە لە تێگەیشتنی قەیرانەکە و ، جوولەی خێرا و کاریگەری بۆ ئیحتیواکردن و ئیدارەدانی بەشێوازێکی زانستی و پیشەگەرانە ، ئەمە دەبێتە پێوەری توانای ئەو حوکمە کە دەسەڵاتدار پەیڕەوی دەکات کە تاچەند دەتوانێت بەروەڕووی ئەو قەیرانانە ببێتەوە و ، تاچەند ئەهلی متمانەی خەڵکە لەناوخۆدا ، هۆکاری نوشووستی هەندێک وڵاتان لە ئیدارەدانی مەنزومەی پەیوەندی «الاتصال» حکومی کە یەکێکە لە ئەنجامەکانی ئەو قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ پاشەکشە لە « متمانەی گشتی » چونکە حکومەت و دەزگا گشتیەکان هەڵناستن بە ڕۆلی پەیوەندیکردن بەشێوەیەکی گوونجاو و ، ئەوانەی کە پەیوەندیش دەکەن پلەیەکی شیاویان لە توانایی و پیشەگەریی لە هەڵگرتنی وەفادارانە بۆ ئەو بارگراناییە گرنگ و هەستیارە نیە .
ئەگەر هەرکەسێک چاودێری دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان بکات، بەئاسانی دەتوانیت دەستنیشانی ئەوە بکات ، کە لەکن ئێمە زهنیەتی قەیران بوونی نیە، زهینیەتی قەیران بریتیە لە دانانی پەراوێزێکی مەعقول بۆ ئەو ناخۆشیە لەناکاوانەی کە دێن و ، خۆبەدوورگرتن لە دانانی حساباتێک لەسەر بنچینەی باشترین سیناریۆ و زۆرترن گوڵین «وردي» ، ئەمە وەکو فەرماندەیەکی سەربازیە لە شەڕدا ، یەکەمین شت ئەوەی لە حساباتی خۆی دایدەنیت کارکردنە بۆ «دوورخستنەوەی شکست» و پاشان بیردەکاتەوە کە چۆن سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ، لە ئابووریش هەمان شتە .
ئێمە پێویستە زهنیەتی قەیرانمان هەبێت، واتە خۆمان ئامادەبکەین بۆ ئەگەری زۆر خەراپ !
هەرێمی کوردستان پێویستی بە حکومەتێکی کاریگەر هەیە کە زهنیەتی قەیرانی هەبێت و ، پلەیەکی باڵای لە بەدەنگەوەچوون لەگەڵ قەیرانەکان و پرسیارە گشتیە گرنگەکان هەیە ، کە لەمیانیدا تەجاوزی کارەساتی بێدەنگی و دواخستن بکات ، بەتەئکید ئامادەنەبوون و غیابی ئەو ڕەگەزانەی باسکران یان لاوازکردنی ترسێکی گەورە دێنێتە ڕێمان.