قەڵای كەركووك یەكێك لەئاسەوارە دێرینەكانی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە پێویست بەناساندنی ناكات و خۆی دەوڵەمەندە بەپێناسەكردن، بەر لەهەر شتێك نامەوێ باسی مێژوو یان ئاركیۆلۆژی و شێوە ئەندازەیی و یان حكومەڕانێتی سەردەمی كۆنی قەڵای كەركووك بكەم، بەڵكو تەنها گلەیی نامەیەك بێت، كە ئەم قەڵا دێرینە فەرامۆشكراوە، كەس نییە خۆی بكات بەخاوەنی و رۆژبەڕۆژ بەرەو داڕووخان دەڕوات، پێشتر چەند جار سەردانی ئەو قەڵایەم كردووە، یەكەمجار ساڵی 2008 بوو، ئەو كاتەی لەپەیمانگا قوتابی بووم و لەهەمانكاتدا لەرادیۆی دەنگی هەولێر پەیامنێر بووم، رۆژێك لەگەڵ كوڕێكی خەڵكی كەركووك بەیانییەكی زوو لەبەشەناوخۆیی دەرچووین و چووینە كەركووك راپۆرتێكم لەسەری دروستكردو بڵاوكرایەوەو دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو، تەنانەت پاداشتێكی باشیش كرام، وتیان تەواو ئیتر نۆژەن دەكرێتەوەو دەكرێتە شوێنێكی گەشتیاری و پاراستنی ئاسەواری ناوچەكە، بەڵام ئەو بەڵێنانەی كە دران تەنانەت نەخرانە سەر كاغەزو هەر زوو لەیاد كران، دوای ئەو ساڵە دوو جاری تر سەردانی قەڵاتەكەم كردووەتەوەو راپۆرتێكی دیكەشم لەسەری كرد، تەواو لەیادم نییە ئەو كاتە لەكام رۆژنامە یان گۆڤار بڵاوم كردەوە، چونكە لەدوو سێ رۆژنامەو گۆڤار كارم دەكرد، ئیتر دوای ئەوە قەڵام نەبینییەوە تەنها جارجارە لەدوورەوە كاتێك رێم بەم شارە دەكەوت، شان و شەوكەتە ماندوویەكەم دەبینی، ئەمساڵ دوای ئەوەی لەزانكۆی كەركووك وەرگیرام و دەستم بەخوێندن كردەوە، ئیتر شارە ورێت هەر بەلای قەڵا دەكەوێتەوە، چەندجار قەڵام بینی لەنزیكەوە، وێرانتر لەجاران، ئەو رۆژەش بۆ پیاسەیەك كە دوای تەواو كردنی ئەركێكم لەكەركووك چوومەوە لای قەڵا، نازانم سەیرە چەندە لەو شارە بم قەڵا بۆ لای خۆیم رادەكێشێتەوە، نزیكەی چارەكێك لای قەڵا وەستام و جگەرەیەكم بەدیارییەوە كێشا، بیرم لەوە دەكردەوە، ئاخۆ دەستەی شوێنەوارو بەرپرسانی ئەو شارو وڵاتە دەبێ شەوێك قەڵا نەچێتە خەونیان و بیریان نەخاتەوە، كە خەریكە یەكێك لەرەمزەكانی شارستانییەتی ئەو شارە بەرەو داووخانی یەكجاری دەڕوات و كەس نییە ئاوڕێكی لێ بداتەوە، باشە دەبێت كەسێك نەبێت، خەم لەم شارەو شارستانێتی و ئاسەوارەكانی ئەم شارە نەخوات؟ گوناحێكی گەورەیە كە ئەمڕۆ شاهیدی داڕووخانی ئەم قەڵایە بن، ساڵی 2020 ئەم قەڵایە هاوشانی قەڵای ئامێدی خرانە لیستی كاتی شوێنەوارە جیهانییەكان، دەبوو هەر ئەوكاتە حكومەتی خۆجێی بكەوێتە خۆی و هەوڵی نۆژەنكردنەوەی بنەڕەتی ئەم شوێنەوارە مێژووییە بدات، ئەگەر میوانێكی بێگانەت بێت بۆ كوێی دەبەی، باڤلین و بۆلیڤارد یان شەقامی قودس و یان پارك و كافتریاكان! یان سكەی قیتارە شكاوەكە، میوانی بێگانە كە دێت وەك ئسول حەز دەكات ئاسەوارو كلتورو كەلەپوور ببینێت، بەڵام من ئەگەر رۆژێك لەكەركووك بم میوانێكی بیانیم لەگەڵ بێ تا پێم بكرێ چاوی دەگرم و دەڵێم زووكە بابڕۆین، نەكا ئەم كەمە ئابڕووەی كە ماومانە ئەمیش بچێت و بڵێ چ نەزانێك لێرە باڵادەستە، كە گەوهەرێكی وەك قەڵا هێشتا بەداڕووخاوی ماوەتەوەو سكەی قیتارەكان ژەنگ گرتوونی و تەنها مۆڵ و باڵەخانەی دەیان نهۆم بۆخۆیان و نەوەكانیان دروست دەكەن، كە ئەمە راستییەكی حاشا هەڵنەگرە، ئەم شوینەوارانە تەنها باڵەخانەیەك یان دوو تاقی كۆنی داڕزیو نین، بەڵكو بگرە بەنۆژەنكردنەوەی بكرێتە شوێنێكی گەشتیاری و لەهەموو لایەكەوە سەردانیكەری بۆ بێت، كە ئەمەش دەبێتە هۆی هەم پاراستنی شوێنەوارەكەو هەمیش هەلیكار، كە دەیان و بگرە سەدان كەس سوودمەند ببن، سەرەڕای بوژانەوەی بازاڕی شارەكەش، كۆشكی عالی قابۆ لەئەسفەهان، كە لەسەردەمی حوكمڕانی سەفەوییەكان بنیات نراوە، هەروەها كۆشكی رەزا شا لەرامسەر لەپارێزگای مازەندەران كەخۆم بینیومە، دوو شوێنەواری مێژوویین و سەرچاوەیەكی گەورەی داهاتە بۆ حكومەت و لەهەمانكاتدا رەخساندنی سەدان هەلیكار، كە رۆژانە جمەی دێ لەگەشتیارو بووەتە هۆی بوژانەوەی كەرتی ئابووری ناوچەكە بەتایبەت رامسەر، دەكرێ وەك چۆن ئێستا خەریكە قەڵای هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە، لەهەمانكاتدا داوا بكرێت لەحكومەتی ناوەندو ناوەندە شوێنەوارییەكان قەڵای كەركووكیش بەم شێوەیە نۆژەن بكرێتەوە، كە دڵنیام ئەگەر سوود لەئەزموونی شوێنەوارە مێژووییەكان وەربگیرێت و بكرێتە گەشتیاری، لەداهاتوو كەركووك دەبێتە یەكێك لەم شارانەی زۆرترین هەلیكارو زۆرترین گەشتیار رووی تێدەكەن و رووحێك بەبەر ئەم شارە ماتەدا دەكەنەوە، چاڵاكوانان و شوێنەوارناسان و رۆشنبیرانی كەركووك بەتێكڕای نەتەوەكانەوە، تاكەی بێ دەنگیتان، بۆچی ئاوڕێك لەگەورەترین سیمبوڵی شارەكەتان نادەنەوە.
باشووری كوردستان